پۆلیسی ڕاپەڕین: ئەو كەسەی تەقەی لە هاوسەرەكەی و پۆلیس كرد دەستگیر كرا

پۆلیسی ڕاپەڕين ئاشکرای دەکات" ئەو کەسەی بە چەکی دەمانچە تەقەی لە ژنەکەی کردبوو وە دوای ئەوەی بە چەکی دەمانچە ڕووبەڕووی هێزەکانمان بویەوە دەستگیر کرا".

 

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ ژنێک بەبرینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە کە شوێنەواری فیشەک بەجەستەیەوە هەیە و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بۆ چارەسەر لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەشکردووە، ژنەکە بەناوی (س،س،م) تەمەن ٣٥ ساڵ پیشەی ژنی ماڵ دانیشتوی ڕانیە، بە وتەی خۆی لەلایەن هاوسەرەکەی لە بازاڕی شارەوانی لە ناحیەی چوارقوڕنە بە دەمانچە تەقەی لێکراوە و بەوهۆیەوە بریندار بووە. بە وتەی خۆی ڕووداوەکە لەسەر کێشەیەکی نێوان خۆیان بووە. 

 

ڕاشیگەیاندووە" مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە. لەدوای بەدەستهێنانی بڕیاری دادوەر بۆ دەستگیر کردنی تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی ٤١٣ لە یاسای سزادانی عیراقی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی بیتوێن لە ناحیەی چوارقوڕنە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانمان کەسەکە بە چەکی دەمانچە تەقەی لە هێزەکانمان کرد. دواتر توانرا لەلایەن هێزەکانمان دەستگیر بکرێت".

 

ئەوەش هاتووە، تۆمەتبارەکە کە دەکاتە هاوسەری ژنەکە بەناوی (ا،م،س) تەمەن ٣٠ ساڵ پیشەی کاسب بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە. لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە و بەردەوامە.



PM:02:46:11/03/2021