بهرپرسی پهیوهندیهكانی دهرهوهی حكومهتی ههرێم رایدەگەیەنێت" بابهتی نهخشهی كوردستانی گهوره لهگهڵ توركیا چارهسهر كراوه، دانانی پولیش وهك یادكردنهوه و یادگاریهك بوه بهبۆنهی سهردانیكردنی پاپا فڕانسیس پاپای ڤاتیكان بۆ ههولێر".
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم لهبارهی بابهتی پولهكهوه بهئاژانسی ئهنادۆڵی ڕاگهیاندووه" لەنەریتی ھەمو جیھاندایە لەسەردانێکی گرنگدا پولی یادگاری چاپ دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش چەند گرافیستێک، دیزاینی تایبەتیان بۆ دروستکردنی پولی یادگاری بەبۆنەی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ ھەولێر وەک دیاری پێشکهشی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن کرد بەمەبەستی چاپکردنیان. ھەروەھا چاپکردنی پول چەند رێکارو یاسای تایبەت بەخۆی ھەیەو پێویستی بەبڕیاری حکومەت ھەیە. وەزیریش بڕیاری چاپکردنی ھیچ کام لەو دیزاینانەی نەداوە".
ناوبراو دهڵێت" پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیاو ئێران لەروی سیاسیو ئابوریو کۆمەڵایەتیو کولتوریو تەنانەت مێژوییشەوە زۆر باشنو بابەتی پولەکە بەداناییەوە چارەسەر دەکرێت، دوپاتی دەکەمەوە ئەمە تەنیا رەشنوسی دیزاینەو حکومەت خۆی ئەم دیزاینەی دروستنەکردووە، تەنیا چەند گرافیستێکو ھونەرمەندێک وەک دیاری پێشکەشیان کردووە".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستۆتەسەر ھەستیاریی وڵاتانی ناوچەکەو رایگەیاندووه" حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لەھەرێمی کوردستانی عێراق. بەگوێرەی دەستوری عێراق، دەسەڵاتی لەسنورێکی دیاریکراودا هەیە؛ پەرلەمانو حکومەتیشی ھەیە. لەدەرەوەی سنورەکانیشی وڵاتی دراوسێی ھەیە، "بۆیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێزی زۆر لەسەروەریی ئێرانو تورکیاو سوریا دەگرێت. بەھەمانشێوە چاوەڕێی رێزگرتنی ئەو وڵاتە دراوسێیانەش دەکەین بۆ سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش".
لەبارەی رەخنەو کاردانەوەکان لەبەرامبەر دیزاینی پولەکە دزەیی ڕونیكردۆتهوه، پێموایە ئەم بابەتە پەیوەندیی بەسیاسەتی نێوخۆی تورکیا ھەیە. ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن گوشار دەخەنە سەر دەسەڵات. لەوانەیە وەک کارتێکی گوشار لەسیاسەتی ناوخۆییاندا بەکاری بھێنن. ئەمە پەیوەندی بەئێمەوە نییە، چونکە بابەتی سیاسەتی ناوخۆی تورکیایە، بەڵام پێشتر چەند روداوێک رویاندا، لەرێگەی گفتوگۆکردنو دیالۆگەوە چارەسەرکران.
سەفین دزەیی دهڵێت" لەتورکیاش چەند روداوێک رودەدەنو لەبارەی ئێرەوە بەردەوام شت دەگوترێت بەتایبەت لەلایەن پارت و لایەنە سیاسییەکان و ئۆپۆزسیۆنیش، بەڵام ئەمە ھەڵوێستی فەرمیی تورکیا نییە، بۆیە ئێمەش ھێندە گوشارناکەین. تەنانەت سەرۆکی پارتێکی تورکیا ساڵی رابردوو گوتبوی، کەرکوک 82مین و موسڵ 83مین شاری تورکیا دەبێت، ئێمەش ھیچ شتێکمان لەوبارەیەوە نەگوت. رۆژانە شتی لەم جۆرە باس دەکرێت، بەڵام ناکرێت ھەموو رۆژ وەڵام بدەیتەوەو ھەڵوێست دەربڕیت. گرنگ ئەوەیە ھەڵوێستی فەرمی چییەو چۆنە، ئێمە لەسەر ئەمە کار دەکەین و سیاسەت دەکەین".
لەبارەی نەخشەی کوردستانی گەورە، سەفین دزەیی باسی لەوەکردووه، بابەتی نەخشەکە چەندین ساڵ لەمەوبەر چەندجارێک خراوەتەڕوو بابەتەکەش چارەسەرکراوە. حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش سیاسەتەکانی روون و ئاشکران، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ئاسایش و ئارامی ناوچەکە کاری لەپێشینەمانە. ھەروەھا کاری لەپێشینەی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بریتییە لە دروستکردنی پەیوەندی باش و دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم راشیگهیاندووه" کاتێک بابەتێکی وەھا دروستدەبێت بەلێکگەیشتن چارەسەری دەکەین، ھاوڕێیانمان لە ئەنقەرە و بەرپرسان لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەوانیش بەھەمان ویستەوە دەیانەوێت بابەتەکە چارەسەر بکرێت. ئێمەش دەمانەوێ ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت. لە راستیدا رووداوێکی گەورە روینەداوە".
رۆژی ٧ی ئەم مانگە، لە کاتی سەردانەکەی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان بۆ هەولێر شەش پولی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێم لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە پێشوازیدا نمایشکران، یەکێک لە پولەکان وێنەی پاپا فرانسیس و نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەر بوو.