مەكتەبی سیاسی پارتی لەبارەی تەقەکردن لە بارەگەکەیان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

مەكتەبی سیاسی پارتی لەبارەی تەقەکردن لە بارەگەکەیان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" دەستگیرنەکردنى ئەو کەسانەى لە سنووری پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی تەقە لە بارەگاکانیان دەکەن، گومان لە جدیەتی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ئەو  روداوانە دروستدەکات". 

مەکتەبی سیاسی پارتى لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست (سپی) کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە" چەندەمین جارە تەقە لە بارەگاكانمان لە سنووری پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی دەكرێت، دووبارە و چەندبارەبوونەوەی ئەو كردەوە دوژمنكارانە و دەستگیرنەكردنی بكەرانی گومان لە جدیەتی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ئەم  روداوانە دروستدەکات".

ده‌قی راگه‌ینراوه‌كه‌:

شەوی رابردوو (18 لەسەر 19ـی ئاداری 2021)، جارێكی دیكە لە دوو لاوە تەقە لە بارەگای لقی 12ی هەڵەبجەی شەھید كرایەوە، بەداخەوە چەندەمین جارە تەقە لە بارەگاكانی پارتیمان دەكرێت لە سنووری پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی، دووبارە و چەندبارەبوونەوەی ئەو كردەوە دوژمنكارانە و دەستگیرنەكردنی بكەرانی گومان لە جدیەتی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ئەم  روداوانە دروستدەکات، بەتایبەتی كە لە هەندێ‌ رووداو  و تاوانی دیكەدا دەزگا ئەمنییە بەرپرسیارەكان بەزوویی بكەرانیان دەستنیشان كردووە و دەستگیركراون، بەڵام کە بابەت دەبێتە تەقەكردن و هێرشكردنە سەر بارەگاكانی پارتیمان، نە كامێراكانی چاودێری و نە دامودەزگا پەیوەندارەكان زانیاریان لەلا دەست ناكەوێت!...

ئێمە ئیدارەی دەڤەرەكە و دام و دەزگا ئەمنیەكان بە بەرپرس دەزانین لە دۆزینەوە و بەسزاگەیاندنی یاسایی ئەوانەی ئەم كارە ترسنۆكانە و دوور لە شارستانیەتە ئەنجام دەدەن، بەردەوام بوونی ئەم حاڵەتە و دەستگیرنەکردنی تاوانبارن دەبێتە هاندەری خەڵكی دیكەش لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم بۆ تەقەكردن لە بارەگای حزبەكان و بێ‌ حورمەتی كردن بەرامبەریان و دروستكردنی كەش و هەوایەكی نالەبار بۆ كار و چالاكی حزبەكان، بۆیە هانی ئیدارە و دامودەزگا ئەمنییە پەیوەندارەكان دەدەین، بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستن لە پاراستنی بارەگاكانمان و دۆزینەوەی هەرچی زووتری تەقەكەرانی شەوی رابردوو و پێشوتریش، ھەروەھا بەگوێرەی یاسا لە یاسادەرچووان سزابدرێن بۆ ئەوەی رێگا لە تەشەنەسەندنی ئەم دیاردە ناشرینە بگیرێت.

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
19ـی ئاداری 2021


PM:06:47:19/03/2021