میلشیایەک لە رێگای هێزەوە دەیەوێت نرخی دۆلار دابەزێنێت
موقتەدا سەدر بە تێکدانی ئارامی ناوزەدی دەکات

میلشیایەکی شیعە بەناوی " ربع اللە " ەوە دەیەوێت لە ڕێگای نمایشی سەربازیەوە نرخی دۆلار دابەزێنێت و پەلە بکرێت لە تێپەڕاندنی بودجەدا، سوپای عێراق لە شوێنە ستراتیژیەکانی بەغدا بڵاوەپێدەکرێت، سەدریش رەخنە لەو میلشیایە دەگرێت و بە تێکدەری باری ئارامی ناوزەدی دەکات.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک گرووپێکی نوێی شیعە بەناوی " ربع اللە " نمایشێکی سەربازیان بەناو بەغدادا کردو لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان بێدەنگ نابن لە دواکەوتنی بڕیار دان لەسەر بودجە و هەڕەشەیان لە حکومەت و پەرلەمان کردو داوای دابەزاندنی نرخی دۆلاریشیان بەرامبەر دینار کرد.

بۆ داکۆکیکردن لەدامەزراوە حوکمییەکان بەرامبەر ئەم ملیشیا نوێیە، هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق لە شوێنە ستراتیژییەکانی بەغدا بڵاوەیان پێکرا.

لەلایەکی ترەوە موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند " بڵاوپێکردنی هێز لە پێناو گۆڕینی نرخی دۆلاردا کارێکی رەتکراوەیە".

چاودێران ئەمە بە هەڕەشە لە سەر کاروبارەکانی حکومەتی کازمی هەژمار دەکەن، هەروەها بە هەڕەشە ناوزەدی دەکەن لەسەر پرۆسەی هەڵبژران کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.



PM:02:38:25/03/2021