مەسرور بارزانی: کۆرۆنا هەڕەشە دەکات و ئێستا کاتی سیاسەتکردن نیە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا لەبارەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن و توشبوون بە کۆرۆنا هۆشداری دەدات و داوا لە هەر چوار پارێزگارەکانی هەرێم دەکات بەرپرسیاربن بەرامبەر تەندروستیی خەڵک و دەڵێت" ئێستا کاتی سیاسەتکردن نییە، کەرتی تەندروستی دووبارە لەبەردەم تاقیکردنەوەدایە". 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند" ‏به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ خێرای رێژه‌ی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان مایەی نیگەرانییە".

سەرۆکی حکومەت لە پەیامەکەیدا باسی لەوەشکردووە، لەم ساتە هه‌ستیاره‌دا داوا لە هەر چوار پارێزگارەکەی ھەرێمی کوردستان دەکەم، بەرپرسیارێتیی سەرشانیان به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵك بزانن و تەواوی رێكاره‌ نوێیه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن. 

ئاماژەی بەوەش کردوە" ئێستا کاتی سیاسەت کردن نییە، کەرتی تەندروستیمان دووبارە لە بەردەم تاقی کردنەوەدایە، مەترسی مردن له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییانمان زیادی كردووه‌، ئەو پێشکەوتنانه‌ی ئه‌م دواییه‌ لە به‌رەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە بەدەستمانھێنا ئێستا لە مەترسیدایە".


PM:01:25:29/03/2021