مەسعود بارزانی: هیوادارین پەسەندکردنی بودجە دەستپێکی گەڕاندنەوەی بنەماکانی شەراکەت بێت

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" هیوادارن پەسەندکردنی پڕۆژە یاسایی بودجە دەستپێكێك بێت بۆ بەهێزكردنی بنەماكانی دیالۆگ و گەڕاندنەوەی بنەماكانی شەراكەت". 

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پەسەندکردنی یاسای بودجە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" بەبۆنەی پەسەندكردنی بودجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەستخۆشی لە گشت لایەنە سیاسییە كوردستانی و عێراقییەكان دەكەم، هەروەها سوپاسی شاندی حكومەتی هەرێم و فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و فڕاكسیۆنەكانی تری ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەم كە بە ماندوبون و هیمەت و پێداگرییانەوە توانیان لەگەڵ یەكتر بگەنە ئەنجام و بەشی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەی عێراقدا جێگیر بكەن".

ئەوەشی خستۆتەروو، پەسەندبوونی بودجەی عێراق هەنگاوێكی ئیجابی و بە ئاراستەی دروستە و هیوای ئەوە دەخوازین كە دەستپێكێك بێت بۆ بەهێزكردنی بنەماكانی دیالۆگ و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و هەروەها گەڕاندنەوەی بنەماكانی شەراكەتی نێوان پێكهاتەكانی عێراق. 
 
دوێنێ چوارشەممە ٣١ی ئازار دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ بە ئامادەبوونی ٢١٥ پەرلەمانتار بەڕێوەچوو، کە درانگانی شەوی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەران پرۆژەیاسای بودجەی بۆ ساڵی ٢٠٢١ پەسەندکرد، کە پرۆژەیاساکە لە ٥٨ ماددە پێکهاتبوو، تێیدا پشکی کورد بەپێی مادەی ١١ پەسەندکرا. 


AM:11:31:01/04/2021