یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان و جەژن لە هەرێم دیاری دەکرێت

سەبارەت بە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" تا ئێستا هیچ ڕۆژێکیان وەک یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان دیاری نەکردووە". 

نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا لەبارەی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢١ لیژنەی باڵای بینینی مانگ بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکانی پارێزگاکانی هەرێم (سلێمانی، هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان) لەگەڵ وەقفی سوونی عێراقی و وڵاتی عەرەبستانی سعودی کۆدەبنەوە، بۆ دیاری کردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز".

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەشکرد" ئەگەر مانگ لە ئاسمانی هەرێم بینرا، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی نیسان دەبێتە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان، ئەگەر مانگ نەبینرا ئەوە سێشەممە ١٣ی نیسان وەک یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دیاری دەکرێت".

نەبەز ئیسماعیل لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا جەختیشیکردەوە، ئەوەی کە ئێستا باسەکرێت تەنها قسەی فەلەکناسانە و لای ئێمە پشتڕاست کراو نییە، چونکە ئێمە لیژنەیەکی تایبەتمان هەیە کە دەبێت لە ڕووی شەرعییەوە مانگ بە بەڵگە ببینرێت، هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە دەستنیشانی یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان بکات.

 هاوکات وتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لەبارەی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان وتی" ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی ڕەمەزان لیژنەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوقافی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ئیدارەکان دووبارە کۆدەبێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی ڕەمەزان دەدات، ئەگەر مانگ بەبەڵگەوە نەبینرێت ئەوا ڕەمەزان ٣٠ ڕۆژ تەواو دەکات ئەگەر بەبەڵگەوە بینرا ئەوە ڕەمەزان دەبێتە ٢٩ ڕۆژ". 

مانگی ڕەمەزان یەکێکە لە مانگەکانی کۆچی تێیدا موسڵمانان لە بەرەبەیان (نوێژی بەیانی)یەوە تاوەکو ئێوارە (نوێژی مەغریب) بۆ ماوەی ٢٩ یان ٣٠ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبن، هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک ناخۆن و ناخۆنەوە. 

بەهۆی جیاوازی لەنێوان ڕۆژژمێری زاینی و کۆچی، ساڵانە بەپێی ڕۆژژمێری زاینی مانگی ڕەمەزان ١٠ ڕۆژ پێش وادەی دیاریکراوی ساڵی پێشوو دێت، بەڵام بۆ دڵنیابوون بۆ بەڕۆژووبوون لە مانگی رەمەزان و جەژنی ڕەمەزان، بینینی مانگ کراوەتە پێوەر. 



PM:11:38:07/04/2021