سندوقی كۆمەكی پێشمەرگەی كوردستان دامەزرا

مسعود بارزانی لەسەر رۆشنایی كۆبوونەوەكانی ژووری ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازی باڵا لە هەرێمی كوردستان كە سەرپەرشتی گشت چالاكیە سەربازی و ئەمنییەكانی ئەم قۆناغە دەكات ، بڕیاریدا بە دامەزراندنی سندوقی كۆمەكی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان.

هاوكارییەكان لە رێگای لقی بانكەكان لە هەرێمی كوردستان كۆ دەكرێتەوە ، و  لە رۆژی چوارشەممە (25/6/2014) بەدواوە هەر هاولاتیەك دەتوانێت لە رێگای هەر بانكێك لە هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان پارە و هاوكاری دارایی بخاتە سندوقەكە بۆ یارمەتی و دابینكردنی پێداویستی پێشمەرگە لە سەرتاسەری هێلەكانی بەرگری لە هەرێمی كوردستان .

بۆ سەرپەرشتی كردنی هەموو پرۆسەكە لێژنەیەك پێكدێت لە سەرۆكایەتی هەرێم و هەرسێ‌ وەزارەتی پێشمەرگە، ناوخۆ ، دارایی و پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان.

ژمارەی حیسابی سندوقەكە لە بانكەكان لە هەرسێ‌ پارێزگای هەرێم و ئیدارەی گەرمیان بەم شێوەی خوارەوەیە و هاوڵاتیان بەناوی (سند‌وقی كۆمەكی پێشمەرگەی كوردستان) و بەم ژمارە حیسابانە دەتوانن لە بانكەكان هاوكارییەكانیان دابنێن :

• شار و شارۆچكەكانی سنووری پارێزگای هەولێر بە ژمارەی حیسابی چل و چوار (44)

• شار و شارۆچكەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە ژمارەی حیسابی هەشت هەزار و دووسەد و بیست (8220)

• شار و شارۆچكەكانی سنووری پارێزگای دهۆك بە ژمارەی حیسابی هەشت هەزار و سی و سێ‌ (8033)

• شار و شارۆچكەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان بە ژمارەی حیسابی پێنج هەزار و سێ‌ (5003)

لە كۆتاییدا داوا لە گشت هاولاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەین بەپێی تواناكانیان بەشداری بكەن لە پرۆسەی پاراستنی هەرێمی كوردستان لە رێگای هاوكاری و بەخشینی كۆمەك بۆ پێشمەرگەكانی كوردستان كە بەردەوامن لە خەبات و شەونخونی لە سەنگەرەكانی بەرگری لە خاك و نیشتیمان و سەروەری وولاتەكەمان و ئاسایشی هاوڵاتیان و خەلكی كوردستان دەپارێزن .

هەروەها داوا لە هەموو بانكەكان و فەرمانبەرەكانیان دەكەین هەموو جۆرە ئاسانكارییەك پێشكەشی خەلكی كوردستان بكەن لە كاتی سەردانكردنیان بۆ بەخشینی كۆمەك و هاوكاری.





PM:11:30:22/06/2014