پۆلیسی راپەڕین: گەنجێکی تەمەن (٣٣) ساڵ بەهۆی دەستڕێژی گولـلە گیانی لەدەستدا

پۆلیسی ڕاپەڕین رایدەگەیەنێت" لەسەر روداوەکەی شەوی رابردوی ناحیەی حاجیاوا کەتیایدا گەنجێک بەدەستڕێژی گولـلە کوژرا، دوو کەس دەستگیرکرا". 

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین لەراگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە" شەوی ڕابردوو دوای ئەوەی هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی حاجیاوا ئاگادار کرانەوە بە بوونی ڕووداوێکی تەقەکردن لە حجیاوا گەڕەکی دابان، دەرکەوت کە کەسێک لە ڕوداوەکە دراوەتە بەر دەسڕێژی گوللە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە". 

ئەوەش خراوەتەڕوو، لەشوێنی ڕوداوەکە چەند قەوانێکی چەکی کڵاشنکۆف دۆزرایەوە و وەک بەڵگەی تاوانکاری دەستیان بەسەردا گیرا، هەروەها کەسەکە بەناوی (س،خ،پ) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٨ پیشەی کاسب دانیشتوی حاجیاوا/دابان کە شوێنەواری فیشەک بەجەستەیەوە هەبووە و گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادوەری ڕانیە و دوای ئەنجامدانی توێکاری ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە.

پۆلیسی ڕاپەڕین ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەئەنجامی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە، ٢ کەس لە ئێستادا دەستگیر کراون و بەبڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە.


PM:07:08:22/04/2021