گۆڕان: بۆ رێگریکردن لە مەترسییەکانی داعش هەماهەنگی سەربازی هەرێم و عێراق و هاوپەیمانان بەپێویست دەزانین

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت" جموجۆڵی شانە چەکدارەکانی داعش کە لە ئەنجامی بۆشایی ئەمنی نێوان سووپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگەوە دەرفەت دەقۆزنەوە، بە مەترسی جدی دەزانین لەسەر ئاسایشی عێراق و ھەرێم بە گشتی". 

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەداخەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چەکدارانی گروپی تیرۆریستی داعش لەرێی ھەوڵێکی نەزۆکەوە، پەلاماری دوو خاڵی ھێزی پێشمەرگەیان لە سنوری پردێ داوە ئەفسەرێک و دو پێشمەرگە شەھید بون و دوانی دیکەش بریندار بوون".

باسی لەوەشکردووە، ئەم جموجۆڵانەی شانە چەکدارەکانی داعش، کە لە ئەنجامی بۆشایی ئەمنی نێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگەوە دەرفەت دەقۆزنەوە، بە مەترسی جدی دەزانین لەسەر ئاسایشی عێراق و ھەرێم بە گشتی و، کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە تایبەتی.

وتەبێژەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستوەتەروو، ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی نێوان سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە بە پشتیوانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ھەنگاوێکی زۆر پێویست دەزانن بۆ پوچەڵکردنەوەی پیلانی تیرۆریستان و پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان و سەقامگیری ئەو ناوچانە.


PM:12:15:01/05/2021