مەلا بەختیار ڕەخنەی توند لە هاوپەیمانێتی حزبەکەی لەگەڵ گۆڕان دەگرێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندی یەکێتی ڕەخنەی توند لە هاوپەیمانێتی حزبەکەی لەگەڵ گۆڕان دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت" دوای ئەم هەڵبژاردنە، رێگەی تەندروستی یەکێتی و گۆڕان، یەكگرتنیانە، هاوپەیمانی ناچاری، گولاجە عیلاج نییە". 

مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنى باڵاى سیاسى و بەرژەوەندى یەکێتى نیشتیمانی کوردستان لە نوسینێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە ناونیشانی (هەڵبژاردن و هاوپەیمانی یەكێتی - گۆڕان) رایگەیاند" سیستەمی لیستگەرایی هەڵبژاردنی ئەمجارە، هاوسەنگیەك لە نێوان توانای كاندید و كاریگەری حزبەكان لە مەحەك دەدات، زۆرن ئەوانەی پێیان وایە، زۆربەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پێشوی لیستی كراوە، دەنگی خۆیان بوە، ئەمجارەیان بۆیان دەردەكەوێ‌، لافەكانیان چەند بڕ دەكات".

ئاماژەی بەوەشکرد" حزبەكانیش، بۆیە سوربون لەسەر سیستەمی لیستگەرایی بازنەیی،  هۆكارەكەی بەدینەهێنانی دروشمەكان و دۆخی نالەباری دەسەڵاتەكان و متمانەی لاوازی جەماوەرە بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و لایەنەكان، لەبەر گەندەڵی و نادادپەروەری".

مەلا بەختیار لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان یەکێتی و گۆڕان دەڵێت" ئەمە لەبەر ئەوە نییە هەردولا بەهێزن، بەڵكو لەبەرمەترسی سەرەنجامی هەڵبژاردنە، دوای ئەم هەڵبژاردنە، رێگەی تەندروستی هەردولا، یەكگرتنیانە، هاوپەیمانی ناچاری، گولاجە عیلاج نییە".


PM:04:02:02/05/2021