وەزارەتی پەروەردە لەبارەی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن نوسراوێک ئاڕاستەی قوتابخانەکان دەکات

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لەسەر دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن نوسراوێک ئاڕاستەی قوتابخانەکان دەکات و ڕایدەگەیەنێت" پێویستە کارگێری قوتابخانەکان لە ئێستاوە ئامادەسازی بۆ دانانی خشتەی وانەکان بکەن".

بەپێی نوسراوێک کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەراییەکانی پەروەردەی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و گەرمیان) کراوە و تیایدا هاتووە" لەکاتی گەڕانەوە بۆ خوێندنی ناو پۆل لە دوای پشوی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، پێویستە کارگێڕی قوتابخانەکان لە ئێستاوە ئامادەسازی بۆ دانانی خشتەی وانەکان بکەن، لەسەر بنەمای ئەو بەشە وانانەی دیاریکراوە لە رۆژی گەڕانەوە بۆ خوێندنی ناو پۆل راستەوخۆ پەیڕەو بکرێت".

لەنوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو بابەتانەی کە لەماوەی وەرزی یەکەم لە قوتابخانەکان خوێندراوە، تاقیکردنەوەی ٢٠ نمرەی لێئەنجامدراوە لەگەڵ ئەو بابەتانەی پوخت کراوە، داواکراو دەبن بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١، کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەکان رێنمایی بەشێوازی دابەشکردنی نمرەکانی پێدەردەچوێنن. 

هاوکات هەر ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پوختەی بابەتەکانی پۆلەکانی یەکی بنەڕەتی بۆ ١١ی ئامادەیی بڵاوکردەوە.



PM:05:15:02/05/2021