سی پی جەی: حكومەتی هەرێم دەریخست ئازادی رۆژنامەنووسی تەنها قسەیە و هیچ هەنگاوێک بۆ بەرقەراکردنی ناگرنەبەر

رێکخراوی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان ناسراو بە سی پی جەی رایدەگەیەنێت" بە بڕیارەكەی دادگای پێداچونەوە بۆ پەسەندكردنی سزادانی رۆژنامەنوسانی بادینان، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەریخست كە بانگەشەی ئازادی رۆژنامەنووسی تەنها قسەیە و هیچ هەنگاوێک بۆ بەرقەراکردنی ناگرنەبەر". 

كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسان ناسراو بە سی پی جەی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەکردووە" بە بڕیارەكەی دادگای پێداچونەوە لە هەولێر بۆ پەسەندكردنی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەكە لە رۆژنامەنوسان شێروان ئەمین شێروانی و گوهدار زێباری، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەریخست بانگەشەكانی بۆ پابەندبون بە ئازادی رۆژنامەگەرییەوە تەنها قسەیە و هیچ هەنگاوێک بۆ بەرقەراکردنی ناگرنەبەر". 

سی پی جەی ئاماژەی بەوەداوە كە دادگای پێداچونەوە رۆژی 28ی نیسان لە بڕیارێكدا كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە، بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێری پەسەندكردوەو هەروەها جەختی لەو بانگەشانە كردۆتەوە كە شێروان شێروانی و گوهداری زێباری پارەیان لە كونسوڵخانەكانی ئەمریكاو ئەڵمانیا لە هەولێر وەرگرتوەو پلانیان هەبوە بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.

ئەو رێكخراوە داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم كردوە دەستبەجێ ئەو دو رۆژنامەنوسە ئازاد بكەن و ئەو تۆمەتانەش هەڵبوەشێنینەوە كە روبەڕویان كردونەتەوەو هەروەها گوشارخستنە سەر میداكارانیش رابگرن.


PM:11:07:06/05/2021