پۆلیسی ڕاپەڕین لەسەر هەڵهاتنی (سلێمان هەڵشۆیی) لە زیندان ڕونكردنەوە دەدات

پۆلیسی ڕاپەڕین لەسەر هەڵهاتنی (سلێمان هەڵشۆیی) لە زیندان ڕونكردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت" بۆ مەرامی تایبەت و بەدەستهێنانی لایک و کۆمێنت بڵاویان کردۆتەوە کە گوایە سلێمان هەڵشۆیی لە زیندان ڕایکردووە".

بەڕێوەبەڕایەتی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" هەندێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بۆ مەرامی تایبەت و بەدەستهێنانی لایك و كۆمێنت بڵاویان كردۆتەوە كە گوایە سلێمان هەڵشۆیی لە زیندان ڕایكردووە، بۆ ئەو مەبەستە وەكو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنین كە سەرلەبەری ئەم جۆرە هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، سلێمان هەڵشۆیی بەبڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسایی سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لە ئێستاشدا لە گرتن و گواستنەوەی ڕاپەڕینە و تەندروستی زۆر باشە، وە لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتیمان سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەین لەدژی خاوەنی ئەو پەیج و ئەكاونتانەی كە دەنگۆ و هەواڵی ناڕاست بڵاو دەكەنەوە بەتایبەت بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان، چونكە بڵاو كردنەوەی ئەوجۆرە هەواڵە نادروستانە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر بارودۆخی دەرونی هاوڵاتیان و بەتایبەت ئەو كەسانەی كە مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی كردووە و سكاڵایان تۆمار كردووە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا پۆلیسی ڕاپەڕین داوا لە هاوڵاتیان دەکات كە بڕوا بەو جۆرە هەواڵانە نەكەن، تەنها ئەوەی لە بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاو بكرێتەوە فەرمیە.


AM:11:12:16/05/2021