پۆلیسی هۆشداری دەدات بە خاوەنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلانە


پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە هۆشداری دەدات بەو کەسانەی کەخاوەنی ئۆتۆمبێلەکانی (مازدا، پیکاب نیسان و تۆیۆتا هایلۆکس)یان هەیە و دەڵێت " زوو دەدزرێن ئاگاتان لە خۆتان بێت. 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ ١٦ ئایار سازکرا، بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند " داوا لە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکانی هەر سێ جۆری (مازدا، پیکاب نیسان و تۆیۆتا هایلۆکس) کرد "ئۆتۆمبێلەکانیان لە شوێنێک رابگرن کە چاوی هاووڵاتی لەسەرە، یان لەو گەراجانە رایبگرن کە کامێرای لێیە، چونکە بردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ ئەو کەسانەی کە چاویان لە ماڵی خەڵکە، ئاسانە".

ئەو بەرپرسە ئاسانی دزی ئەو ئۆتۆمبیلانە دەگەڕێنێتەوە بۆ سویچەکانیان کە زوو ئیشی پێدەکرێت و دەڵێت " داوا دەکەین ئۆتۆمبێلەکانیان لە لاکۆڵان و لە گەراجانە بەجێنەهێڵن کە کامێرای چاودێریان لێ نییە".  

بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە باسی کەیسێک دەکات کە لە ڕێککەوتی ٣٠ ی ئازاری ٢٠٢١ کە سکاڵاکارێک ئامادەی بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە بووەو ڕایگەیاندووە کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکابی لێدزراوە لە بازاڕ لە گەڕەکی جولەکەکان، پاش بەدواداچوون و دوای یەک مانگ و شەش ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکە لەلایەن بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە توانرا ئۆتۆمبێلەکە بۆ خاوەنەکەی بدۆزرێتەوە و بۆی بگەڕێندرێتەوە، تۆمەتبارەکەش دەستگیر بکرێت، ئەمەش جۆرێک بووە لەو ئۆتۆمبیلانە".



PM:03:41:16/05/2021