" لە چوار مانگدا ٥٧١ ملیار دینار داهاتی سلێمانی بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕێنراوەتەوە "

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت" لەماوەی چوار مانگی رابردوودا بڕی زیاتر لە ٥٧١ ملیار دینار داهاتی پارێزگای سلێمانی گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم". 

زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاند" تەنها لە مانگی ١ی ئەمساڵدا ١٦١ ملیار دیناری داهاتی پارێزگای سلێمانی بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕێندراوەتەوە، هەروەها لە مانگی دووشدا هەمان بڕە پارە كەدەكاتە ١٦١ ملیار دینار داهاتی پارێزگای سلێمانی بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕێندراوەتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی سێی ئەمساڵیشدا ١٣٣ ملیار و زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دینار داهاتی سلێمانی گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم، هەروەها لەمانگی چواریشدا داهاتی پارێزگای سلێمانی كە ١١٦ ملیار دینار بووە بەهەمان شێوە گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم.

بەپێی وتەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لەماوەی چوار مانگی رابردوودا زیاتر لە ٥٧١ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینار داهاتی پارێزگای سلێمانی بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم گەڕێندراوەتەوە.


PM:03:19:26/05/2021