ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگری فەرماندەی گشتی هاوپەیمانان ڕاگەیەندرا

بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەرال ریچارد بێل جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد، لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بو، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و سوریا تاوتوێ کرا.

جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، وێڕای ستایشکردنی قارەمانیێتی و قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەرزنرخاند، جەختی لە گرنگیی بەردەوامبونی هاوکاری و یارمەتیدانی پێشمەرگە و هەماهەنگیی ئەمنی لەگەڵ سوپای عێراق کردەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، لەم ڕوەوە کاراکردنەوەی سەنتەرەکانی هەماهەنگیی ئەمنی هاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدراەی هەرێم بە هەنگاوێکی ئەرێنی دانرا. 

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیریی و هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و دوپاتی کردەوە کە بۆ تێکشکاندنی داعش و تیرۆر بە گشتی، پێویستە هۆکار و فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر بنبڕ بکرێن، ئاماژەشی بە گرنگیی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای دادگای تاوانکاریی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش کرد لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەو هیوایەی ببێتە هەنگاوێک بە ئاراستەی سزادانی تیرۆریستانی داعش و هێنانەدی دادپەوەریی و  قەرەبوکردنەوەی قوربانییان.


PM:05:02:27/05/2021