حکومەتی هەرێم زانیاری داواکراوی رادەستی بەغداد کردووە

 حکومەتی هەرێم سەرجەم زانیارییە تایبەتەکانی لەبارەی دهاتی نەوت و دەروازە سنورییەکان و ژمارەی فەرمانبەرانی رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی کردووە.

لەبارەی ئەو پابەندیانەی کە پێویستە هەرێم پێشکەشی بەغدای بکات، ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند " حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم زانیارییەکانی لەبارەی داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان و ژمارەی فەرمانبەرانەوە رادەستی وەزارەتی نەوت و دارایی و دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی کردووە".

ئیخلاس دلێمی لە لێدوانێکی رۆژنامەواندیا دەڵێت " بڕگە یاساییەکانی بودجە کە پەیوەستە بەهەرێمەوە بە سەرپەرشتی و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی نەبێت جێبەجێناکرێت".

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " ئەو زانیاریانەی هەرێم رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی کردوون پەیوەندیان بە نەوت و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە هەیە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی فیدڕاڵی هیچ میکانیزمێکی بۆ چۆنییەتی رادەستکردنی بەشە بودجەی هەرێم دەستنیشان نەکردووە".

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا زانیارییەکان هەمووی لای دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی هەن کە پەیوەستن بە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و داهاتی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەکان و هەماهەنگیش لەنێوان دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدڕاڵیشدا هەیە.

دلێمی دەشڵێت " لە مانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە فەرمانبەرانی هەرێم موچەکانیان لە بەغداوە بۆ رەوانە نەکراوە".



PM:05:04:29/05/2021