لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان روونکردنەوە دەدرێت

جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکان روونکردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت" تائێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردن یان هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنیان نەکردووە".

بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند" تائێستا هیچ داوایەكی فەرمی بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن یان دواخستنی پێشكەشی ئەنجوومەن نەكراوە و ئەگەری دواخستنی دورە".

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، هەرکاتێک حکومەت یان سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەت داوایەک پێشکەشی پەرلەمان بکەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوا بەگوێرەی ماددەی ٦٠ رێوشوێنی یاسایی دەگیرێتە بەر.

ئاماژەی بەوەشکرد" دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان دواخستنی ئەرکی پەرلەمان نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی حكومەتدایە بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دیاری دەکەن".

ئاشکراشیکرد، زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان‌ و هیچ لایەنێك داوای دواخستنی نەكردوە.


PM:09:05:29/05/2021