ئاوات جه‌ناب نوری: بەهه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكار دەبین بۆ سه‌رخستنی ڕێكه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداد

سەرلەبەیانی ئەمرۆ لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابوری، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی لە شاندێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق كرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو كۆبوونەوەیەدا، بە پشت بەستن بە جێبەجێكردنی ماددەی 11ی دووەمی /ج لە یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵ بە ژمارە 23ی ساڵی 2021 كۆبوونەوه،‌ كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا هەڵدەستن بە درووستكردنی تیمێكی هاوبەش لە چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان و بەغدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری باسی لە كاروبارەكانی تیمە هاوبەشەكە كرد كە دەیانەوێت وردبینی بۆ داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن. بەڵێنیدا وەزارەتی دارایی و ئابوری بە هەموو شێوەیەك هاوكار بێت بۆ سەرخستنی ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدا.

لای خۆشیەوە، موئەید حوسێن عەلی سەرۆكی تیمی چاودێری دارایی بەغدا، سوپاسی وەزیری دارایی و ئابوری كرد و كە هەمیشە هاوكاری سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بووە. 

ئەمەش لە كاتێكدایە دوێنێ شاندێكی هەرێمی كوردستان بە بەشداری ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ وەزیری دارایی بەغدا كۆبوونەوە بە مەبەستی دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و تاوتوێكردنی چەند بڕگەیەكی دەستوور تایبەت بە هەرێمی كوردستان.


PM:01:40:08/06/2021