خۆسەری ڕۆژئاوا ئیدانەی دەستگیركردنی سێ ئەندام نوێنەرایەتییەكەیان لەلایەن پارتیەوە دەكات

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی دەستگیركردنی ئەندامەكانیان بەناوی (مستەفا عوسمان، نوێنەری پەیوەندییەکانی پەیەدە لە هەولێر، جیهاد حەسەن، نوێنەری خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی و مستەفا عەزیز ئەندامی پەیەدە لە هەولێر) لە فڕۆكەخانەی هەولێر لەلایەن هێزەکانی پارتیەوە دەكات. 

فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای كوردستان)، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" ئەمڕۆ پێنجشەممە، كاتێك بەرەو فڕۆكەخانەی هەولێر رۆیشتون ،هەریەكە لە نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا جیهاد حەسەن و هەردو ئەندامی پەیوەندییەكانی پارتی یەكێتی دیموكرات(پەیەدە) مستەفا خەلیل و مستەفا عەزیز لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سەربە حكومەتی هەرێمەوە دەستگیركراون". 

ئاماژەی بەوەشکردووە" وێڕای هەوڵەكانمان بۆ زانینی چارەنوسی ئەو هەڤاڵانەمان بەڵام تاوەكو ئێستا چارەنوسیان نادیارە بەبێ ئەوەی لایەنە ئەمنییەكان هیچ رونكردنەوەیەك لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنیانەوە بدەن". 

جەختیشی كردۆتەوە، پێمانوایە ئەم رێكارانە دۆخەكە ئاڵۆزترو رەوتی گفتوگۆكانیش لاواز دەكەن و هیوادارین هیچ لایەنێك لە باشوری كوردستان و لەم دۆخە هەستیارەدا نەكەونە داوی ئەو پڕۆژەی فیتنەیەوە كە توركیا بەڕێوەی دەبات بۆ پێكدادانی نێوان كوردو كوردو پەكخستنی رەوتی ئەو وەرچەرخانە مێژوییەی كە پرسی كورد پێی گەیشتوە.

هەرلەبەیاننامەكەدا هاتووە، وەك نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی كوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو كارە دەكەین، داواش لە پارتی دیموكرانی كوردستان دەكەین بەزووترین كات ئازادیان بكات. 


PM:06:31:10/06/2021