حکومەتی هەرێم: هەبوونی هێزی پەکەکە بیانوویەکی گەورە دەداتە لەشکرکێشی سوپای تورکیا

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" هەبوونی هێزی پارتی کرێکارانی کوردستان بیانوویەکی گەورە دەداتە لەشکرکێشیی سوپای تورکیا".
 
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی روداودا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا حکومەتی هەرێم بەرچاوی روونە کۆماری تورکیا ئامانجی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پەکەکە لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا چییە وتی" بوونی ئەم هێزە بیانوویەکی گەورە بە لەشکرکێشیی سوپای تورکیا دەدات". 

لەسەر ئەگەری دروستبوونی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد" ئێمە نابینە بەشێک لە هیچ شەڕێک و ئێمە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ سیاسەتی ئەوە نین کە خودانەخواستە ببینە هۆکاری هەڵگیرساندنی شەڕی کورد و کورد".

لەبارەی بنکە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لەنێو خاکی کوردستاندا وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت"هێزی پەکەکە نەمێنێت هیچ بیانوویەک نامێنێت بۆ سوپای تورکیا بیر لەوە بکاتەوە بنکەی سەربازیی لەنێو هەرێمی کوردستان دابنێت". 
 
باسی لەوەشکرد، دۆزی سیاسیی پەکەکە لە عێراق نییە، لە تورکیایە. بۆیە بوونیان لێرە مەبەستێکی سیاسی لە پشتەوەیە. ئەو سیاستەی بە بەردەوامی پەیڕەوی دەکەن دژی هەرێمی کوردستانە. ئیدی هەر لایەنێک یان هەر وڵاتێک لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتە رەفتار بکات یان رێککەوتنێک بکات لەگەڵ هێزێکی وەکو پەکەکە، ئێمە هەر لەم رووانگەیەوە ئێمە دەڵێین ئەم مەسەلەیە بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە.


AM:12:05:16/06/2021