لیژنەی ئەمنی سلێمانی لەبارەی روداوەکەی شەوی رابردوو ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

لیژنەی ئەمنی سلێمانی لەبارەی روداوەکەی شەوی رابردوو ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" هەركەسێك لە پشت تەقەكردنەكەوە بێت لێپرسینەوەی توندی لەگەڵدا دەكرێت".

لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکی کورتدا بڵاویکردەوە، ھەر کەسێک لە پشت ڕوداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردوو بێت لێپرسینەوەی توندی لەگەڵ دەکرێت و دەدرێتە دادگا. 

جێی باسە، مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەكەی ٧٠ی هێزەكانی یەكێتی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە بارەگای ‏یەكەكانی ٧٠، كێشەی تەقەكانی شەوی رابردوویان چارەسەر كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری سەرجەم هێزە ئەمنییەكان ئامادەبوو، بە رێككەوتن ‌و رەزامەندی هەموویان ‏كێشەكە چارەسەركرا".

ئەوەش لەكاتێكدایە، شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی شەڕەتەقە ‏لەنێوان دوو هێزی ئەمنیدا روویدا و بەهۆیەوە ١١ كەس برینداربوون. 


PM:02:46:22/06/2021