سەنتەری میترۆ: ئەوانەی تەقە لە هێزی فه‌رمى دەكەن هەرەشەن بۆ سەر سەقامگیری نەك رۆژنامەنوسان

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت" رۆژنامەنوسان هەرەشە نین بۆ سەر سەقامگیری و هەموو جۆرە هەڕەشەو و رێگرییەك بۆ سەر ئازادی كارەكانیان سەركۆنە دەكەین". 

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی كردن له‌ مافی ڕۆژنامه‌نوسان لەبارەی گرژییەکانی شەوی ڕابردووی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەكردووه‌" رۆژنامەنوسان هەرەشە نین بۆ سەر سەقامگیری و ئارامی شاری سلێمانی تا هێزی ئەمنی و هێزی نەناسراو بە زەبروزەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن، ئەوەی هەرشەن بۆ سەر سەقامگیری ئەو هێزانەن كە تەقە لە هێزی رەسمی دەكەن و باكیان نییە بە یاسا". 

ئەوەش خراوەتەڕوو، هەموو جۆر هەرەشەو و رێگرییەك بۆ سەر ئازادی كاری رۆژنامەنوسی سەركۆنە دەكەین و داوا لە سەرۆكی لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانی دەكەین هەموو كەلوپەلی رۆژنامەنوسان بگەرێننەوە، لێپرسینەوە لە لایەنی پێشێلكار  بكەن. 

سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی  پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR  ی ئەمریكی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسیی لە هەرێمی كوردستانی عێراق. 


PM:04:28:22/06/2021