بەپەلە.. لە بەشیر پێنج كوژراو هەیەو لەجەلەولاش شەڕە

لە بەشیر كە گوندێكی سەر بە پارێزگای كەركوكە، لەنێوان میلیشیا شیعەكان‌و چەكدارانی داعش شەڕە، لە جەلەولاش باكوری دیالە شەڕە لەنێوان پێشمەرگەو چەكدارانی داعش.
سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی لەكەركوكەوە بە سپی میدیای راگەیاند كە بەیانی ئەمڕۆ 29/6/2014 كاتژمێر 3ی بەرەبەیانی میلیشیاكانی شیعە هێرشیانكردۆتە سەر بارەگاو بنكەكانی چەكدارانی داعش لەبەشیرو بەوتەی سەرچاوەیەكی شیعە، چەند شوێنێكیان لە گوندەكە كۆنتڕۆڵكردوە.
بەپێی زانیاریەكانی سپی میدیا، پێنج چەكداری شیعە كوژراون‌و 20ی دیكەش بریندارن، چەكدارەكانی داعشیش زیانیان هەیە بەڵام لەبەر سەختی شەڕەكە ژمارەكەی نەزانراوە.
لەم شەڕەدا گوللە هاوەنێك كەوتووەتە ناو هێزی پێشمەرگەو 2 پێشمەرگە بریندارە، هێزەكانی پێشمەرگەش لەرێگی تۆپ‌و هاوەنەوە بەتوندی سەنگەرەكانی داعشیان بۆردومانكردوە.
هەروەها لە جەلەولاش شەڕو پێكدادان لەنێوان پێشمەرگەو چەكدارانی داعشدا بەردەوامەو چەكدارانی داعش لەگەڕەكی تەجنید ماونەتەوەو بۆردومانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەكەن، پێشمەرگەش بەكتوپڕی بنكەكانی ئەوان بۆردومان دەكات.
لەلایەكی ترەوە لەبەر شەڕو پێكدادان لەناوچەی سەعدیە خەڵكی ناوچەكە وردە وردە چۆڵی دەكەن‌و روودەكەنە قەرەتەپە كە لەژێر دەستی هێزەكانی پێشمەرگەدایە.



AM:10:54:29/06/2014