رێکخراوێکى نێودەوڵەتى: شەوانە سەربازانی تورکیا دێنە ناو گوندەکان و ئاگر لە ڕەز و باخی ھاوڵاتیان بەردەدەن

ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت" لە ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان شەوانە سەربازانی تورکیا دێنە ناو گوندەکان و ئاگر لە ڕەز و باخی ھاوڵاتیان بەردەدەن". 

ڕێکخراوی (CPT)، کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتیە و بۆ مافی مرۆڤ کاردەکات لەبارەی دوایين ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لەسنوری پارێزگای دهۆک راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە و باسی لەوەکردوە، لەوکاتەوەی کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی چنگی- ھەورە بروسکەی تورکیا لە 23ی نیسانەوە دەستیپێکردوە، زیاتر لە 10 هەزار دۆنم زەوی کشوکاڵی بەھۆی بۆردومانەکانەوە، لە ناوچەی بەرواری باڵا سوتاون. 

ئەوەشی خستۆتەڕوو، تیمی کوردستانی عێراقی CPT، تەواوی ئەو کاولکارییانەی کە لە ئەنجامی دەستدرێژییەکانی سوپای سەربازی تورکیا ڕویداون، بە درێژایی ناوچەکە بینیوە و بە بەڵگەنامە کردوە،.بە تایبەت دەستدرێژییەکان بۆ سەر گوندی ھرورێ، کە لەم دواییانەدا تیمەکە سەردانی ئەو ناوچەیەی کرد.

سەبارەت بە وێرانکارییە ژینگەییەکانی، بۆردومانەکانی تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ  بە تیمی ڕێکخراوی CPT ڕاگەیاندووە" تەمەنی ھەندێک لەو دارانەی کە سوتێندراون، زیاترە لە 100 ساڵ. ئەوەی کە لێرە ڕودەدات کارەساتێکی ژینگەییە. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم کە بێدەنگی بشکێنن و بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ژینگەی کوردستان، ھەڵوێست بنوێنن". 

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ڕێکخراوەکە داوای لە سوپای تورکیا كردوە كە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە ھەرێم ڕابگرێت و چیتر ژیانی گوندنشینان بە ئامانج نەگیرێت و زەوی کشتوکاڵی و بێستان و ڕەز و باخی ھاوڵاتیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە وێران نەکرێت.


AM:08:45:02/07/2021