پەرلەمانتارێک: حکومەتی هەرێمی شەرمەزاری بێباک دەڵێ دەبێ هەموو ڕۆژەکانی هەفتە دەوام بکەیت

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" حکومەتی ھەرێمی شەرمەزاری بێباک دەلێ دەبێ ھەموو ڕۆژەکانی ھەفتە دەوام بکەی، ئەمە پێی دەگوترێ استعباد ( بە کۆیلە کردن)". 

د. شایان عه‌سكه‌ری‌، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌فراكسیۆنی‌ گۆڕان لە نوسینێکیدا بە ناونیشانی (حکومەتی ھەرێمی کوردستانی شەرمەزاری بێباک) ئاماژەی بەوەکردووە" مووچە بە لێبڕینەوە ٤٠ بۆ ٤٥ ڕۆژ جارێک دابەش دەکات، ئەوە جگە لەو پاشەکەوتەی خۆشیان نازانن چارەنووسی چی لێ دێتەوە، پەرلەمان دانیشتن ناکات، ئەوەی ڕاگەیاندنەکان نەیانزانی و، ھیچ کام لە ئەندام پەرلەمانەکان ڤیدیۆمان نەکرد( تا نەڵێن موزایەدە دەکەن)، و پەرلەمان پەخشی ڕاگرت لە دانیشتنی ٢٠٢١/٥/٢٥، ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتاران لە ھۆڵی دانیشتنی پەرلەمان و لە کاتی دانیشتنی فەرمی چووینە ناوەڕاستی ھۆڵەکە و دانیشتنمان ڕاگرت، و لەوێ یاداشتێکمان نووسی کە لە دانیشتنی داھاتوو پێویستە پەرلەمان بڕیارێک دەرکات کۆتایی بە لێبڕینی مووچە بھێنێ، لەدوای ئەو ڕۆژەوە دانیشتنی پەرلەمان ڕانەگەیەنراوە، سەری مانگیش دەبێتە پشووی دانیشتنی پەرلەمان". 

دەشڵێت" پارەی سندوقی نەخۆشانی شێرپەنجەیان بە تاڵان بردووە، ئەمەش بۆتە ھۆی کەم بوونەوە و نەمانی بەشێک لە دەرمانی شێرپەنجە ، و ٦ مانگە کارمەندانی تەندروستی و پزیشکانی لە بری نۆڕینگەی سەنتەرەکانی شێرپەنجەی سێ پارێزگا شایستەی دارایی خۆیان وەرنەگرن و بە خۆبەخش دەوام بکەن  چونکە سندوق پارەی تێدا نیە، حزبەمافیاکان داھاتی سنوور و نەوت ناگەڕێننەوە خەزێنەی دەوڵەت، بە ھۆی بە قاچاغ ھێنانی شت و مەک گومرگ نادەن، بەشێکی پارەی سندوقی شێرپەنجە داھاتەکەی ھی جگەرە و مەشروب و نەوتە، ئێستا بە ھۆی قاچاغەوە نە داھاتی وەکو پێشتر تێ دەچێ و گەر تێشی بچێ حکومەت تاڵانی دەکات". 

پەرلەمانتارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەشێکی تری نوسینەکەیدا باسی لەوەشکردووە، بەشێکی گەڕەکەکانی پارێزگاکانی ھەرێم ئاو دەکڕن، بەو گەرمایە حاڵی کارەبا خراپە، نرخی شت و مەک و بەنزین دووھێندە بووە، نرخی دۆلار گران بووە، مافیا چەکدارەکانی ھەردوولا ھاووڵاتیانیان ھەراسان کردووە، لەسەرووی ھەموو ئەوانەشەوە دەلێ دەبێ ھەموو ڕۆژەکانی ھەفتە دەوام بکەی، ئەمە پێی دەگوترێ استعباد( بە کۆیلە کردن).

ڕاشیگەیاندووە" شەرمەزاریەکی گەورەیە حکومەتی ھەرێم داوای قەرز بکات لە بەغدا، لە کاتێکا خۆمان داھات و نەوتی خۆمان ھەیە و (بە قسەی حکومەتی ھەرێم ڕێککەوتنێکی سەرکەوتوومان کردووە لە گەڵ بەغدا)". 

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا شایان عەسکەری ئاماژە بەوەشدەکات، کە مافیا حزب بەڕێوە ببا و سەرکردەی حزبەمافیاکان حکومەت بگرنە دەست، میللەتی داماوی بێ دەنگ ھەر ئەوە حاڵی دەبێ. 


PM:11:06:02/07/2021