هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی درێژەی هەیە.. تا ئێستا سەرۆکی دەزگای زانیاری و بەرپرسێکی ئەو دەزگایە دەستبەسەرن

شاری سلێمانی بەهۆی تووندبوونەوەی ناوکۆکیەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی هاوسەرۆکانی یەکێتی شەوێكی قورسی پڕ دڵەڕاوکێی بەسەر برد لە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئەو دوو ئامۆزایەدا، بەلآم هاوکات هەوڵی بەرپرسانی پێشووی نێو یەکێتیش لە گەمارۆدان و چارەسەرکردنی کێشەکە بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " شەوی رابردوو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی یەکێتی، لەوانە دلێری سەید مەجید و عیماد ئەحمەد و رەفعەت عەبدولآ و ئاسۆ ئەڵمانی کۆبۆتەوەو باسی ناکۆکیەکانی نێوان خۆی ئامۆزەکەی لاهور جەنگی بۆ کردوون، بەپێی ئەو زانیاریانە ئەو بەرپرسانە داوای گەمارۆدانی کێشەکەیان لێکردووە، هاوکات بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراقیش کە بە پشووی هەفتانە گەڕابووەوە سلێمانی لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

تا ئێستا هەردوو بەرپرسی دەزگای زانیاری، محەمەد تاڵەبانی کە بەرپرسی دەزگاکەیەوەو برای ئاڵا تاڵەبانییە لەلای بافڵ دەستەبەسەرن، هەروەها رەنج شێخ عەلی کە خووشکەزانی لاهور جەنگیە و بەرپرسیارێتیەکی لەناو دەزگاکەدا هەیە، دەستبەسەرە.

هەوڵەکان بۆ گەرمارۆدانی کێشەکە بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت، ئەمڕۆ ئێرانییەکان و ئەمەریکییەکانیش هەوڵی خۆیان بۆ گەرمارۆدانی کێشەکە بخەنە گەڕ.

دوێنی لە رووداوێکی چاوەڕوانەکراودا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی هێزێکی نزیک خۆی و هێزێکی شێخ جەعفەر مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم دەباتە سەر دەزگای زانیاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی کە چەند رۆژ پێشتر دابووی بۆ لابردنی بەرپرسی زانیاری محەمەد تاڵەبانی و لەکاتی گەیشتنیان بۆ ناو دەزگاکە دەبێتە دەمەقاڵێ و دواتر بەبڕیاری بافڵ تاڵەبانی، حەمە تاڵەبانی و رەنج شێخ عەلی دەستبەسەر دەکات و، بە کاتی ئەژین ئەمین ( برای پەرلەمانتاری یەکگرتوو، موسەنا ئەمین) دەکات بە بەرپرسی دەزگاکە، ئەمەش دەبێتە مایەی دروستبوونی بارگرژی.





AM:11:23:09/07/2021