وەزارەتی کارەبای هەرێم لەبارەی قەرزی هاووڵاتیان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت" پێویستە هاوبەشانی کارەبا قەرزەکانیان بدەنەوە، بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی لە بەرانبەریان دەگیرێتەبەر".

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، داهاتی کارەبا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە ماوەی مانگی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و هەر ئەو داهاتەیە کە لەگەڵ داهاتەکانی دیکە بۆ مووچە و و خزمەتگوزارییەکان خەرج دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە" گەڕاندنەوەی داهاتی کارەبا لە کاتی دیاریکراودا بۆ خەزێنەی گشتی بەشێکی گرنگی کاری بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی کارەبا دەبێت، مانگی حوزەیران 39 هەزار پسولەی کارەبا لە هەولێر دراوە بە هاوبەشانی کارەبا، ئەم مانگە لە پلان دایە لە کۆی 160 هەزار هاوبەش، 150 هەزار پسوولە چاپ بکرێت". 

وەزارەتی کارەبای هه‌رێم لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا باسی له‌وه‌ش كردووه‌، پێویستە هاوبەشانی کارەبا قەرزەکانیان بدەنەوە، بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی لە بەرانبەریان دەگیرێتە بەر.

هه‌روه‌ها ئەوەش هاتووە" 875 هاوبەشی کارەبا لە بواری پێشەسازی، کشتوکاڵی و بازرگانی لە هەولێر هەیە و 64 شوێن بەهۆی نەدانی قەرزەکانیان کارەباکەیان بڕدراوە و 185 هاوبەش بۆ خۆیان هاتوون و قەرزەکانیان داوە، ئەگەر هاوبەشان لەکاتی دیاریکراودا قەرزەکانیان نەدەنەوە، کارەباکەیان دەبڕێت". 

جەختیشیکردۆتەوە، پرۆسەی بەستنی پێوەری زیرەک بۆ چارەسەرکردنی بەشێکی زۆری کێشەکانی کارەبا خێراتر دەکرێت و پێویستە بەستنی لینکەکانیان بە توڕی کارەباوە بەپێی گرێبەست لە لایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە جێبەجێ بکرێت، کە دەبێتە بەکارخستنی خێراتری پێوەرەکە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر توڕی کارەبا لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە هەماهەنگییەکی تەواو دەکرێت، بەتایبەتی دوای نەهێشتنی سەرپێچی، بە دواداچوون بۆ ئەو شوێنانە دەکرێت کە سەرپێچییەکانیان بڕدراوە و لە ئەگەری دووبارە بوونەوە، رێکاری توندی یاسایی لە بەرانبەریان دەگیرێتە بەر، لە مانگی حوزەیران، 1056 سەرپێچی لە پارێزگای هەولێر بڕدراوە و، تیمەکانی راسپێردراو بە شێوەیەکی بەرفراونتر دەست بە هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچی دەکەن.


PM:04:15:11/07/2021