مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەلجیکا لە عێراق و ئوردن کۆبونەوە

ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی باڵیۆزی بەلجیکا لە عیراق و ئوردن کرد، لەدیدارەکەدا سوپاسی به‌لجیكای كرد له‌ هاوكارییه‌كانی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.

نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە فیلیپ ڤاندەن بولکه باڵیۆزی بەلجیکا لە عێراق و ئوردن کرد، لە دیدارەکەدا دوا گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەلجیکا و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا.

ئاماژە بەوەشکراوە، باڵیۆزی بەلجیکا سڵاو و ڕێزی سەرۆک وەزیرانی بەلجیکای بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئاماژەی بە سەردانی سەرکەوتوی سەرۆکی حکومەت کرد بۆ بەلجیکا و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە هەمو بوارەکاندا لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی. 

لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە، سەرۆکی حکومەت، سوپاسی هاوکارییەکانی بەلجیکای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەردەوامە لە پشتگیریکردنی پێشمەرگە، جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامبونی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان بەلجیکا و هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردولان.


PM:03:06:13/07/2021