ڕێکخراوی جاسەنە: هێرشکردنەسەر کەناڵی (iPLUS) لە سلێمانی دەستدرێژیە بۆ سەر ئازادی رۆژنامەگەری

ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا بەیاننامەیەکیان دەربارەی هەڵکوتانە سەر کەناڵی (iPLUS)ی سەر بە لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی بڵاوکردەوە و دەڵێن" هێرشکردنەسەر کەناڵی iPLUS لە سلێمانی دەستدرێژیە بۆ سەر ئازادی رۆژنامەگەری".  

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا ئاماژەی بەوەکردووە" ئێوارەی ١٣ تەموز لە گەڕەکی کوردسات لە سلێمانی لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە ‌هێرشکرایە سەر کەناڵی iPLUS و سەرەتا رۆژنامەنووسەکانیان لە شوێنێکدا گرکردۆتەوە و دواتر ڕێگایان پێدوان کەناڵەکە جێبهێڵن و برۆنە دەرەوە، هێزەکەش لە ئۆفسی کەناڵەکەدا ماونەتەوە و دەستیان بەسەردا گرتووە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئێمەوە وەک ڕێکخراوی "جاسەنە" بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا سەرباری ئەوەی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە کراوەتە سەر کەناڵێک کە مۆڵەتی فەرمی هەیە، هاوکات یاسای رۆژنامەگەری ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧یش ڕێگا بە داخستنی هیچ میدیایەک نادات، ئەم هەنگاوەش سەرپێچی کردنی ئەو یاسایەیە.

ڕێکخراوەکە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لەلایەنە ناکۆکەکانی سلێمانی دەکات کە ئاستی ناکۆکییە سیاسییەکانیان هەرچییەک بێت، نابێت ببێتە مایەی ئازاردانی رۆژنامەنووسان و دەستگرتن بەسەر کەناڵ و داخستنی میدیادا.


AM:08:44:14/07/2021