هۆکارەکانی گران بوونی نرخی بەنزین ئاشکراکرا

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆکارەکانی گران بوونی نرخی بەنزین ئاشکرا دەکات و دەڵێت" لەهیچ كام لە بازگەكانی سنور لەگەڵ عێراق و شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانەوە ڕێگا نادرێت بەنزین بێتە سنوری هەرێمی كوردستان". 

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" ڕێگە نادرێت بەنزین لە بازگەكانەوە داخڵی هەولێر ببێت و یەك ملیۆن (80) هەزار لیتر بەرهەمی پاڵاوگەی كار بۆ چوار كۆمپانیا قۆرخكراوە، لە لایەك بەنزینیان گرانكردوە و لەلایەكیش جگە لە (26) بەنزینخانەی سەر بەم كۆمپانیانە، سەرجەم بەنزینخانەكانی دیكە لەبەردەم داخستندان". 

ڕاشیگەیاندووە" حكومەتی هەرێم ڕۆژانە (25) هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، بە وتەی وەزیری سامانە سروشتیەكان نزیكەی یەك ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمی هەیە و لە ڕێگەی پاڵاوگەی كارەوە دەیداتە كۆمپانیاكانی كورد نەفت و سەن ئۆیڵ بە (620) دینار". 

عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە بری حەقی پاڵاوتن!!! واتە: بەرمیلێك نەوت بە (17) دۆلار دەپاڵێون! بەڵام بۆ عێراق (8) دۆلار، ئەم كۆمپانیانەش بەبێ ئەوەی هیچ كارێك بكەن لە (10/7) بە جوملە لیرترێك بەنزینیان فرۆشتوە بە بەنزیخانەكانی هەولێر بە (800) دینار، بۆ ئەوەی هەموو بەنزینخانەكانی دیكە ناچاربن دایبخەن، لە بەنزینخانەكانی سەن ئۆیڵ و كورد نەفت لیترێك بەنزین (660) دینارە. 

پەرلەمانتارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکراشیکردووە، لە هیچ كام لە بازگەكانی سنور لەگەڵ عێراق و شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانەوە ڕێگا نادرێت بەنزین بێتە سنوری هەرێمی كوردستان، بەهەمان شێوە كۆندێن سەیتی پاڵاوگەی لاناس جارێكی دیكە دەبرێتەوە پاڵاوگەی كارو ئەمیش نزیكەی (800) هەزار لیتر بەرهەمی هەیەو خۆیان بە بازرگانی دەیفرۆشن، قۆرخكاری بۆ كۆمپانیاكانی كارو كوردنەفت و سەن ئۆیڵ و لاناس بەهاوكاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان هۆكاری گرفتەكەیە.


AM:09:26:14/07/2021