وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێم هۆشداری بە سەرجەم میدیاكان دەدات و داوا لە سەرجەم کەناڵەکانى راگەیاندن دەکات، کە پابەندى ئاکار و پیشەى راگەیاندن بن و خۆیان بە دوربگرن لە زانیارى نادروست.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەى سەرجەم کەناڵەکانى راگەیاندنى کردووە، وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" سە بارەت بەم بارودۆخە سیاسییەی لە عێراق و کوردستان دەگوزەرێت، داواتان لێ دەکەین خۆتان بەدووربگرن لە ھەواڵی ناڕاست و بەپەلەی نادروست، کە سەرچاوەکەی نادیار و شاراوە بێت".
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، پێوستە ھەموو لایەک پابەندبن بە ئاکار و موڕاڵی پیشەییانەی کاری ڕاگەیاندن، چونکە داڕشتن و بلاوکردنەوەی ھەواڵی ناڕاست خزمەت بە دۆزی گەلەکەمان ناکات و لە ئامانجی راستەقینە دوورمان دەخاتەوە.
هەروەها لەکۆتایی ڕاگەیەوندراوەکەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری داوا دەکات، کە ھەموو لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و پێشھاتەکان بکەن و ھەواڵی بێ بنەما و ناڕاست بلاونەکەنەوە.