تەندروستی سلێمانی: توشبووانی كۆرۆنا لە هەرێم رووی لە زیادبوونە

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە پەیامێکدا داوا لە هاوڵاتیان دەكات، لەكاتی هەست كردن بە نیشانەكانی پەتا سەردانی ناوەندە تەندروستییەكان بكەن بۆ پشكنین. 

د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" توشبووانی كۆرۆنا لە هەرێم بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی رووی لە زیادبوونە، چونكە ئەم جۆرەی ئێستا بڵاوە توانای تووشكردنی زیاترە و رێژەی بڵاوبوونەوەی دوو هێندەی جۆرەكانی ترە".

ڕوونیشیکردەوە، ئەگەر پێشتر هەر كۆپیەكی ڤایرۆسەكە دوو یاخود سێ كەسی تووش كردبێت جۆری دەلتا دەتوانێت پێنج كەس تووش بكات.

لەبارەی ئه‌گه‌رى ڕاگه‌یاندنى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆش بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی باسی لەوەکرد، ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمە نییە و لە دەسەڵاتی پارێزگا و لیژنەی باڵای كۆرۆنایە و ئەگەر بە دەست ئێمەبێت ڕێكارەكان زۆر تووند دەكەین.

وتیشی" هەر كەسێك نیشانەكانی پەتای وەرزی هەبوو سەردانی بنكەكانیان بكات، چونكە كۆرۆنا هەمان نیشانەكانی پەتای وەرزی هەیە و یەكێكی دیكە لەنیشانەكانی ئازاری گەدە و ئاوی لوتە و پێویستە كەس لەخۆیەوە دەرمان بەكار نەهێنێت". 

لە پەیامێکیشدا د. سەباح هەورامی، داوای لە هاوڵاتیان کرد کە ڤاكسین وەرگرن، پێویستە پێش كوتان بە ڤاكسین پشكنینی كۆرۆنا بكەن نەوەك هەڵگربن، چونكە ئەوەی هەڵگر بێت و خۆی بكوتێت بارودۆخی تەندروستیان زۆر خراپ دەكات و لەوانەیە كۆتایی بە ژیانیان بهێنێت.


PM:01:31:24/07/2021