فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهور شێخ جەنگی دەرچوو

دادگای لێکۆڵینەوەی شاری سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی ئاب فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەرکرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" ئەمڕۆ دادگای لێکۆڵینەوەی پارێزگای سلێمانی بە تۆمەتی داڵدەدانی تاوانباران و ڕفاندنی هاوڵاتیان و بازرگانیکردن بە چەک و قاچاخچێتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی دەرکرد".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەدەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، لەئێستادا قەدەغەکردنی گەشتیشی بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەغە کراوە. 

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە میدیای فەرمی یەکێتی چەند لێدوانێکی بەناوی سەرچاوەی ڕەسمی یەکێتی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە" لاھور شێخ جەنگی تۆمەتبارە بە داڵدەدانی تاوانباران و تێوەگلاوان لەکەیسی گەندەڵی ھەمە جۆر کە دادگا بەرەسمی داوای کردوون".

هاوکات لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکی یەکێتی دوێنێ دووشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" دوای نائومێدبوونم لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتى بڕیاریداوە پەنابەرێت بۆ بەردەم دادگای سلێمانی و داوا بکاتەم کە هەموو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵم لە ڕێگەی دادگاوە یەکلایی بکرێتەوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا پێم ڕاگەیەندراوە کوردستان بە جێبهێڵم، بە پێچەوانەوە وادیارە بڕیاریانداوە بە زەبری هێزی حکومی هەڵبکوتنە سەر ماڵەکەم لە کوردستان دوورم بخەنەوە، هەر بۆیە بڕیارم داوە کە وەک کۆڵەکەیەک ڕووبەڕووی ئەم پیلانگێڕییە ببمەوە و تا دوا هەناسەم میللەتەکەی خۆم بە جێنەهێڵم. 


PM:04:02:03/08/2021