ژمارەیەک کەسایەتی کۆمەڵایەتی و ناسراو لەبارەی کێشەکانی هاوسەرۆکانی یەکێتییەوە یاداشتێکیان بڵاوکردەوە

ژمارەیەک کەسایەتی کۆمەڵایەتی و ناسراو نامەیەکی کراوە ئاڕاستەی هاوسەرۆکانی یەکێتی دەکەن و داوا دەکەن کە کێشەکان لەڕێگەی دادگا و پەیڕە و و پڕۆگرامی یەکێتییەوە چارەسەر بکرێت. 

لە یاداشتێکدا کە واژۆی ٧١ کەسایەتی لەسەرە و ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی سەرکردایەتی و هاوسەرۆکانی یەکێتی کراوە، ئاماژە بەوەکراوە" ڕەوشی سیاسی و پەرەسەندنی ململانێی هێزە گەورەکانی جیهان و وڵاتانی دراوسێ و بوونی هەرێمی کوردستان بە گۆڕەپانی پاکتاوکردنی بەرژەوەندییەکان پێمان دەڵێت، هەر کەلێن و ناتەباییەک بە زیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە".    

ئەوەش هاتووە" داوا لە ئێوە و بەتایبەت هاوسەرۆکانی یەکێتی دەکەین بەهیچ شێوەیەک نەبووە و ناکرێت و مایەی قبوڵ نییە ململانێی حزبی بهێننە سەر شاشەی میدیاکان، چونکە دەبێتەهۆی دروستبوونی نائارامی لەنێو خەڵکدا و تێکدانی بازاڕ و بژێوی خەڵک".  

جەختیان لەوەش کردووەتەوە، گرفتەکان هەرچییەک بن یاسا و پەیڕەو و پڕۆگرامی یەکێتی پەیوەستە بە چارەسەرکردنی و ئێمەش ئامادەیی هەر دەستپێشخەرییەکین لەوبارەیەوە و چاوەڕوانی وەڵامین.

لە کۆتایی یاداشتەکەدا هاتووە" هەر لایەن و کەسێک نەیەتەژێر چەتری ئاشتەوایی و هۆکار بێت بۆ نانەوەی نائارامی ناچارمان دەکات ڕای گشتی لێ ئاگادار بکەینەوە و بەرپرسیارێتی تەواوی دەرهاویشتەکانی دەکەوێتە ئەستۆ". 


PM:08:09:07/08/2021