تورکیا کۆبوونەوەیەکی سەربازی هەسەدە دەکاتە ئامانج

تورکیا کۆبوونەوەیەکی سەربازی هێزەکانیی هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج و چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە تورکیا دەیەوێت فشار بخاتە سەر ئەمەریکا تا وەک ئەفغانستان پاشەکشە بکات.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، تورکیا شوێنی کۆبوونەوەیەکی فەرماندە سەربازییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە تەلە تەمەر کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ٩ ئەندامی ئەو هێزە کوژراون کە لەنێویاندا فەرماندەیەک ژن هەیە.

رونگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند ئەو هێرشە لە رێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بووەو، نووسینگەی پەیوەندییە سەربازییەکانی ئەنجومەنی سەربازیی شاری تەل تەمەری لە پارێزگای حەسەکە کردۆتە ئامانج و جگە لە کوژراوەکان ١ کەسی تریش برینداربوون".

لە دوای کشانەوەی ئەمەریکاوە لە ئەفغانستان، تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکانی مەدەنی و بنکە سەربازییەکان زۆر بە توندی دەستیپێکردووەو چاودێران پێیانوایە ئەم هەڵکشانەی هێرشەکانی تورکیا بە مەبەستی نەهێشتنی پاڵپشتی ئەمەریکایە بۆ کوردانی رۆژئاواو هەرێمی کوردستان و ناچارکردنی کشانەوەی هێزەکانی  لە هەرێم و رۆژئاوای کوردستان.   



PM:08:11:20/08/2021