وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوە گشتییە‌كانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی ئاشكرا كرا

ئەمڕۆ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵای كرد كە تایبەت بوو بە دەستپیكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە‌گە‌ڵ چە‌ند بابە‌تێكی تری تایبە‌ت بە ڕەوشی ‌خوێندن و قوتابیان.

قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ لە هەولێر، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵای كرد بە ئامادەبوونی وەزیرانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە لەگەڵ سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و، باس لە چەند بابەتێكی تایبەت بە خوێندن كرا.

سەرەتای كۆبوونەوە باس لە ئامادەكارییەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندن و خوێندكاران كرا  لە‌ناو پۆلە‌كان، لەگەڵ پابەند بوون بە ڕێنماییەكانی تەندرووستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، جەختی كردوە، حكومەت پێداویستییەكانی دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندن دابین دەكات بۆ ئەوەی لە 14/ 9/ 2021 خوێندن لە قوتابخانەكان  دەستپێبكات و ئەو ڕێكەوتەش بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەكە كرایە بڕیار. 

لای خۆیەوە وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان وەك وەزارەت و مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن، هەروەها رایگەیاند" ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیكردنەوە گشتییە‌كانی خولی یە‌كە‌می پۆلی دوازدە‌ رادەگەیەنرێت". 

هەر لە كۆبوونەوەكە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە ئامادەكارییەكان كرد بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگان و رایگەیاند" خوێندنی باڵا لەماوەی نێوان 1/9  تاوەكو 25/9 خوێندن دەستپێدەكات لەناو هۆڵەكانی زانكۆ".

هەروەها وتیشی" بەپێی  رۆژژمێری زانكۆیی زانكۆكان ئامادەكارییەكانیان دەست پێكردوە و بە ڕەچاوكردنی رێنماییە تەندروستییەكان دەوام دەست پێدەكات". 

دواتر ئامارەكانی توانای زانكۆ و پەیمانگاكانی خرانەڕوو بۆ وەرگرتنی خوێندكارانی نوێ و خوێندنی باڵا بۆ ئەمساڵی خوێندن.

ھە‌روە‌ھا لە كۆبوونەوەكە بۆچوونەكانی پەیوەست بە قبوڵ مەركەزی (ناوە‌ندی) خرانەڕوو لەگەڵ چۆنییەتی رێكخستنەوەی پرسی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگاكان بە شێوازێك كە لەگەڵ سەردەم و پێویستی بازاڕ بگونجێت، بەشداران جە‌ختیان لە‌ گرنگی خوێندنی پیشە‌یی كردەوە و هاوڕابوون پێویستە‌ زیاتر پە‌رە‌ی پێبدرێت.


PM:02:33:23/08/2021