بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ناوچەیەکی بەرفراوانی چیای ئاسۆس لە ناوچەی شارباژێڕ و پێنجوێن بەر بۆردومانێکی فراوانی تورکیا دەکەون کە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکی بەشداریان تیادا کردووە.
زانا رەحمان قائیمقامی شاری پێنجوێن لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ " سپی " رایگەیاند ٨ گوند لە رۆژئاوای پێنجوێن لەلایەن دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە کاتژمێر ٢٠:٦ بەیانی تا ٥٠:٦بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بۆردومانی گوندەکانی ( خونیانە، ئۆمەرەسێنان، بناویان، کانی میران، وریاوە، ساڵیاوە و قزڵجە) کرد.
بۆردومانی ئەم دوو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە بۆ سەر ئەو هەشت گوندە زیانی گیانی بەداوە نەبوو، بەڵام زیانی بەرچاوی بە مەزارو کشتوکاڵی ناوچەکە گەیاندووەو ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە، وەک قائیمقام دەیڵێت.
وەزارەتی بەرگری تورکیاش لە بڵاوکراوەیەکدا ئەمڕۆ سێ شەممە رایگەیاند کە ٢٨ بنکەی پەکەکەی لە چیای ئاسۆس لە رێگای فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە بۆردومان کردووە، هێرشەکە بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ دەزگای سیخوڕی میتی تورکی.
وەزارەتی بەرگری تورکیا جەخت لەسەر بۆردومانی هێرشەکان دەکاتەوە.