سلێمانی.. هاوڵاتییەک بە تۆمەتی تەقەکردن لە هاوسەرەکەی دەستگیرکرا

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت" مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی رزگاری کەسێکیان بەتۆمەتی تەقەکردن لە هاوسەرەکەی دەستگیرکرد". 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد" دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە لەڕووداوێكی تەقەكردن لە سنوری بنكەی پۆلیسی ڕزگاری، دەستبەجێ ھێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و دەركەوت كە ئافرەتێك بەفیشەك بریندار بووە، دواتر بریندارەكە بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر هەمان شەو توانرا تۆمەتبار (س، م، م) لەدایكبووی ١٩٧٦ لەلایەن بنكەی پۆلیسی ڕزگارییەوە دەستگیربكرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر دەمانچەكەیدا". 

ئەوەشی خستەڕوو: لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٣١/٤٠٥ لەیاسای سزادان ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە و جێگەی ئاماژەیە ڕووداوەكە بەهۆی كێشەی خێزانیەوە بوەو بریندارەكەش لەنەخۆشخانەیە و چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت.


PM:03:02:06/09/2021