کەسایەتییەکی نیشتمان پەروەری خۆنەوسیتی سلێمانی گیانی لە دەستدا( وێنە )

لە رووداوێکی ئۆتۆمبیلدا لەناوچەی شارباژێر کەسایەتی دیاری و پێشمەرگەی کۆن و ئینسانێکی خۆنەویست، فواد یاسین، ناسراو بە "فوادە رەش" کۆچی دوایی کرد.

فواد رەش پێنج رۆژ لەمەوبەر لە کاتی چوونیدا بۆ باخەکەی لە دێرێ لە شارباژێر ئۆتۆمبیلەکەی لە بەرزاییەکانی تازە دێ وەردەگەڕێت و دەکەوێتە نێو کەنداڵێکەوەو بۆ ماوەی پێنج رۆژ هیچ دەنگی نابێت و ئەمڕۆ چوار شەممە دۆزرایەوە کە گیانی لە دەستداوە.

فواد یاسین، لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا لە سلێمانی لە دایکبووە، خوێندنییش هەر لەو شارە تەواو کردووەو یاریزانێکی ناسراوی تۆپی پێ بووە، لەسەرەتای شۆڕشەوە لە ساڵی ١٩٧٧ دا چۆتە ریزی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوەو دواتر لە شاخەوە دەچێتە دەرەوەی وڵات و لە سوید نیشتەجێ دەبێت.

لە دوای راپەڕین دەگەڕێتەوە کوردستان و رێکخراوی " سۆڵیدارێتی" دادەمەزرێنێت کە رێکخراوێکی تایبەت بوو بە مین هەڵگرتنەوەو، ئەو رێکخراوە رۆڵی دیاری هەبووە لە پاککردنەوەی زۆر ناوچەی پارێزگای سلێمانی لە مین، هەروەها لەو دەمەوە هاوشانی ئەو کارە کە تازە کۆمپیتەر هاتبووە کوردستان، گەنجانی فێری کۆمپیتەر دەکردو هەموو ئەم کارانەشی وەک خۆبەخشێک دەکرد.

لەسەرەتای دروستبوونی رۆژنامەی ئاوێنە لە ساڵی ٢٠٠٦ دا لە رێگای بەخشینی چەند کۆپیتەرێکەوە کۆمەکی رۆژنامەی ئاوێنەی کرد.
لە چالاکی و بەخشین بەردەوام بوو، دوای ئەوەی رۆژئاوای کوردستان ئازاد کرا، ئەم وەک خۆبەخشێک هەموو هێزو توانای خۆی گواستەوە بۆ خزمەتی رۆژئاواو لە رێگای رێکخراوی خێرخوازی چەند ناوەندێکی فێرکردنی کۆمپیتەری کردەوە.

فواد یاسین، لە دوای چوونی بۆ دەرەوەی وڵات وەک کەسێکی نیشتمانی کاری بۆ کورد دەکرد و دووربوو لە حیزبایەتییەوەو، تا دوا ساتەکانی ژیانی بەو شێوەیە درێژەی بە خەباتی مرۆڤ دۆستی خۆی دەدا. 



PM:02:11:08/09/2021