سلێمانی.. سێ کەس بە تۆمەتی فێڵکردن و ڕفاندنی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەک دەستگیرکران

ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکردنی سێ کەسی بە تۆمەتی فێڵکردن و ڕفاندنی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەک ڕاگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوای ئەوەی لە ( ٧ / ٩ / ٢٠٢١ ) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاگادارکراینەوە کە سێ کەس لە ناو شاری سلێمانی هەستاون بە قۆڵبڕین  بردن و ڕفاندنی  ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان ناڤارا ڕەنگی سپی کە خاوەنداریەتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتی (شاڵاو ئەحمەد فەقێ ڕەشید ) دانیشتوی سلێمانی، دەستبەجێ سەرجەم بازگەو مەفرەزە و هێزەکانمان لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لەم ڕووداوە ئاگادار کرانەوە". 

ئاسایشی ڕۆژئاوا باسی لەوەشکردووە، سەرەنجام پاش دوو کاتژمێر ئۆتۆمبێلەکە و حائیزەکانی لەسنوری بەڕێوەبەرایەتیمان دەستگیرکران، کە سەرجەمیان داواکراوبون بەپێی ماددەی (٤٥٦) لەیاسای سزادانی عێراقی پاشان بەبڕیاری بەڕێز دادوەر بەپێی تایبەتمەندی کەیسەکە ڕادەستی بنکەی پۆلیسی هەواری شار کران لە سلێمانی.


PM:09:32:09/09/2021