باڵوێزی هۆڵندا لە عێراق سەردانی رێکخراوی جاسەنە دەکات

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە باڵوێزی هۆڵندا لە عێراق، (روخس برونک) سەردانی ئۆفیسی رێکخراوی جاسەنەی لە سلێمانی کرد.

ماڵپەڕی " جاسەنە " کە ماڵپەڕی رێکخراوی جاسەنەیە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا لە کوردستان، بڵاویکردەوە لە سەردانیدا بۆ سلێمانی، ( روخس بروک ) سەردانی رێکخراوی جاسەنەی کردو لەلایەن شوان محەمەد بەڕێوەبەری رێکخراوەکە و لارا فەخرەدین بەرپرسی ئیداری رێکخراوەکە و نامۆ مەجید بەرپرسی پرۆژەکانی رێکخراوەکەوە پێشوازی کرا.

لە دیدارێکدا کە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند، باڵوێزی هۆڵندا کە بۆ زانینی دۆخی رۆژنامەنووسان و ئازادی بیروڕا و چۆنێتی کارەکانی رێکخراوی جاسەنە سەردانی رێکخراوەکەی کردبوو، لەلایەن ستاڤی رێکخراوەکەوە تیشک خرایە سەر چۆنێتی کارکردن و دۆخی خراپی ئازادی بیروڕا و رۆژنامەنووسی.

باڵوێزی هۆڵندا لەو دیدارەدا هۆکاری سەردانەکەیانی بۆ هەولێر و سلێمانی روونکردنەوەو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هاتۆتە سلێمانی بۆ گوێگرتن لە میدیای ئازاد و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، هەروەها ئەوان دوێنێ لە هەولێر بوون رای خۆیان بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم راگەیاندووە لەسەر ئەو دۆخە.

ستافی رێخکراوی جاسنە باسی ئەو مەترسیانەیان کرد کە لەسەر دۆخی رۆژنامەنووسان و ئازادی بیروڕا لە کوردستاندا لە کۆتایی ساڵی رابردووەو لەکاتی دەستکردن بەدەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە بادینان دەستی پێکردووە.

هەروەها باس لەدەستوەردانی دەسەڵاتی سیاسی کرا لە کاروباری دادگاکان بەتایبەتی لەو کەیسەدا.

دواتر باس لە دۆخی میدیاکاری ژنان لە دەزگاکانی راگەیاندندا کراو چۆنێتی بەرزکردنەوەی تواناو لێهاتووی و گەورەکردنی رۆڵیان.       

 

PM:08:03:20/09/2021