لەتیف مستەفا: لەم کاتی هەڵبژاردنەدا هانی خانوی تەجاوز‌ لە دەوری شار دەدرێت


پەرلەمانتارێکی ناسراوی خولی پێشوو رایدەگەیەنێت کە بەپێی هەندێک زانیاری باوەڕپێکراو " فەرماندراوە بەشەفەھی « دەمی » کە چاوپۆشی بکەن لەدروست کردنی خانوی زیادەڕەوی لە گوندەکانی دەورو بەری شار تا دوای ھەلبژاردن".

لەنووسینێکدا بە ناونیشانی " کاول کردنی زیاتری ولات" لەتیف مستەفا دادوەر و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دەڵێت " بەگوێرەی زانیاریەکان ھەر پارچە زەویەکی ١٥٠ مەتری تۆزوبا واتە زەوی تەجاوز کە ھی دەولەتەو کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێ لە پێرێوە ٥٠ گەڵای چۆتە سەو فڕکان فڕکانی دروستکردنی خانوی تەجاوزە".

لەتیف مستەفا پێچەوانەکەشی دەڵێت " دادوەریش ھەیە ژنی بۆ ماوەی سێ مانگ زیندانی کردوە لەبەر ئەوەی مێردەکەی دوو ژوری تەجاوزی دروست کردوە".

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو دادوەرە دەڵێت " بەدلنیاییەوە ئەوانەی ئەو کارەدەکەن بازرگان و تاڵانچیەکانن و ھاوبەشی خۆیانن نەک خەلکی ھەژار و شایستە، بەداخەوە ئەم ولاتە بەتایبەتی ئەم شارەیان بەتەواوی کاول کرد"( مەبەستی سلێمانی یە).

لەتیف مستەفا لە کۆتایی نووسینەکەیدا دەڵێت "لە ھەموو سەردەمەکانی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی حوکمڕانی عێراق ئەو تاڵانکاری و کاول کاریەی لەسەر دەستی حوکمڕانانی یەکێتی لەم ٣٠ ساڵەداو بەتایبەتیش لەسەردەمی ھاوسەرۆکایەتیدا بەسەر ئەم شارەدا ھێنراوە ھەرگیز لەسەردەمانی پێشودا سەدا یەکی ئەوەی پێنەکراوە. لەوە دەچێ بەبەرنامە وا لەم شارە بکەن ١٠ سالی تر حوکمڕانی بکەن داری بەسەر بەردیەوە ناھێڵن، نەفرەت لە ھەلبژاردن، نەفرەت لەدەنگدان".





PM:06:47:21/09/2021