وەزیری دارایی هەرێم دواین زانیاری لەبارەی مووچە و (٢٠٠) ملیارەکە ئاشکرا دەکات

وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت" حکومەتی هەرێم هیچ کەمتەرخەمی نەکردوە بۆ دابینکردنی موچەی هاوڵاتییان، هیواداریشن عێراق لەسەر ئەم سیاسەتەی ئێستای بەردەوام بێت". 

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە دوو جار ئەو بڕیارەی دەرکردووە، ئومێدمان ئەوەیە کە ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بەغدا دێت، بەڵام هەموومان ئەزموونی پێشووی عێراق دەزانین و دۆخی عێراق لە ئان و ساتدایە بە ئەرێنی یان نەرێنی".

وەزیری دارایی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو: ئەوەی کە گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کەمتەرخەمی نەکردوە و نایکات بۆ دابینکردنی موچەی هاوڵاتییان، هیواداریشین عێراق لەسەر هەمان ئەقڵیەت و سیاسەتی ئێستای بەردەوام بێت.

وتیشی" لە ٧ی مانگەوە بە فەرمی نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بەگوێرەی زانیارییەکان تائێستا تەمویلیان نەکردووە".


PM:12:46:26/09/2021