لە بنكەیەكی دەنگدان هێرشکرایە سەر رۆژنامەنوسێك

بەڕێوەبەری دەزگای جاڕ میدیا ڕایدەگەیەنێت" لە بنکەیەکی بەکرەجۆ و لە کاتی تۆمارکردنی دیمەنەکانی دەنگداندا، دوو ئەفسەری لیوای پاراستنی سلێمانی و چەند پاسەوانێکیان پەلاماریان دام و مۆبایلەکەیان لێوەرگرتم".

هۆگر کەمال، رۆژنامەوان و بەڕێوبەری دەزگای جاڕ میدیا ئەمڕۆ هەینی بە ماڵپەڕی (سپی) راگەیاند" لە کاتژمێری سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە بنکەی خوێندنگەی روناکی لە بەکرەجۆ روماڵی پرۆسەکەم دەکرد، لەکاتی رووماڵەکەدا پرسم بە پۆلیسی بەردەم دەرگاکە کرد کە لەسەر دیوارەکەوە ئەتوانم وێنە بگرم، ئەوانیش رێگەیان دام، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە کاتژمێری سەرەتادا پرۆسەکە بە خاوی بەڕێوە ئەچوو زۆر قەرەباڵغ بوو هێزەکان لەناو خۆیان پاڵەپەستۆیان بوو بۆ چوونە ژورەوە".

هۆگر کەمال، ئەوەشی خستەڕوو: کاتێک کارەکەمم کرد و لەسەر دیوارەکە هاتمە خوارەوە دوو ئەفسەری لیوای پاراستنی سلێمانی و چەند پاسەوانێکیان پەلاماریان دام و مۆبایلەکەیان لێوەرگرتم و یەکێکیان قورگی گرتبووم ویستیان لێمبدەن، پۆلیسی بەردەم دەرگاکەش لەسەر من هاتە جواب و  وتی خۆم ئیزنم داوە، بەڵام گوێیان لەویش نەگرتوو پەلاماریان دا. 

بەڕێوەبەری جاڕ میدیا، رونیشیکردەوە: ئەو هێزە دەنگدەر بوون نەک رێکخەری بنکەکە، ئەوان بەهەڵە تێگەشتبوون وایانزانی من لەسەر دیوارەوە هاتوومەتە ناو حەوشەکەوە لەکاتێکدا رۆشتنە ژورەوە بۆ رۆژنامەنووسان زۆر ئاسایی بوو، هاوکات ناسنامەی رۆژنامەوانی کۆمسیۆینیشم هەڵواسی بوو. 

هۆگر کەمال ماوەی ١٧ ساڵە کاری رۆژنامەوانی دەکات و دەستەی دامەزرێنەری بەشێک لە میدیاکانی سلێمانی بووە و پێشتر وەک پەیامنێر و هەواڵساز لەچەند میدیایەک کاری کردووە و لەئێستادا بەڕێوەبەری (جاڕ میدیا)یە.


PM:04:46:08/10/2021