سهرۆکی ههرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" ئیتر عێراق و ههرێمى كوردستان له قۆناغێكى تازهدان و ئهنجامهكانى كۆتایى ههر چۆن یهكلایى ببنهوه، ههموان براوهن".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" ئەركی هەموو هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانە پێكەوە، تەبا و یەكڕیز، كار بۆ ئێستا و داهاتوویەكی باشتر بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق بكەین، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەكان هاوكار بین".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: ئیدی كاتی ئەوەیە پێكەوە كاربكەین بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی نیشتمانیی فیدراڵی كە رەنگدانەوەی خواست و چاوەڕوانییەكانی هاووڵاتی بێت، دەستوور جێبەجێ بكات، دامەزراوەكانی دەوڵەت بەهێز بكات، گرووپ و هێزە چەكدارەكانی دەرەوەی یاسا كۆنترۆڵ بكات، لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق، پرۆسەی سیاسی راست بكاتەوە و بەرەو داهاتوویەكی باشتر بۆ هەمووان، وڵات بەڕێوەببات.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە: رێژەی بەشداری لە دەنگداندا پەیامێكی روونی هاووڵاتیانە كە چاویان لە ژیان و گوزەران و خزمەتگوزاریی زیاتره و مافی خۆیانە. ئەمە بۆ هەموومان لە حكومەت و هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، دەبێ پەند و وانەیەك بێت بۆ پێداچوونەوەی جیددی و بنیاتنانەوەی متمانە، هەروەها ببێتە هاندەری كار و خزمەتی زیاتر.