کارمەندێکی پاسەوانی پرۆژەی دەروازە سیتی لە سلێمانی لەلایەن کوڕی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیەوە دەکوژرێت


شەوی رابردوو لە سلێمانی لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازە سیتی کوڕی حەمەسور دوو شیوانی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پاسەوانێکی ئەو پرۆژەیە دەکوژێت.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " درەنگانێکی شەو کوڕی ئەو بەرپرسە چەندجارێک بەناو دەروازە سیتیدا بە ئۆتۆمبیلەکەی هاتوچۆی کردووە، ئەو پاسەوانەش کە ناوی هەڤاڵ محەمەد کاکە برایە پێیووتووە کە شەو درەنگ کاتی پیاسەو هاتوچۆ نەماوە، کوڕی بەرپرسەکەش پێیدەڵێت تۆ بەچی هەقێک دەپرسیت، لە وەڵامدا پاسەوانەکەش ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو پاسەوانە لە دەروازە سیتی و، لە ئەنجامی ئەمە دەمەقاڵێ دروستبووەو، کوڕەکەی حەمەسور دوو شیوانی پاسەوانەکەی بە فیشەک کووشتووە".

لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، سامان نادر، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری فریاكه‌وتنی خێرای سلێمانی 122 رایگەیاند"درەنگانی شەوی رابردو ئاگادارکراوینەوە لەبوونی تەرمێک کە لە پرۆژەی نیشتەجێبونی دەروازە سیتی بە گوولە کوژراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسەی کوژراوە، كارمەندی سكیوریتی پرۆژەی نیشتەجێبونی دەروازە سیتی بوە.

تا ئێستا کوڕی ئەو بەرپرسە هەڵهاتووەو خۆی رادەستی پۆلیس نەکردووە.

دوو ساڵە لە سلێمانی رووداوێکی دەستدرێژیکردنە سەر هاوڵاتیان و کاسبکاران و لێدان و تەقەکردن لەلایەن کوڕی بەرپرسانی سیاسیەوە لە پەرەسەندندایە. 



PM:03:16:14/10/2021