وادەی هەرزانبوونی نرخی غازی ماڵان و بەنزین ئاشکراکرا

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت" لە دوو هەفتەی داهاتوودا نرخی غاز دادەبەزێت و کێشەی کەمی بڕەکەی چارەسەر دەبێت". 

ئەمڕۆ شەممە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" کێشەی کەمی غاز و گرانبوونی نرخەکەی تەنیا لە پارێزگای هەولێر نییە بەڵکو لە هەموو هەرێمی کوردستان ئەو کێشەیە دروستبووە، هۆکارەکەشی بۆ نۆژەنکردنەوەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر گەڕاندەوە".

وتیشی" لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ چارەسەری کێشەی کەمی بەنزین".

پارێزگاری هەولێر باسی لەوەشکرد: تیمەکانی حکومەت و قائیمقامییەت راسپێردراون چاودێری وردی بریکار و فرۆشیارانی غاز بکەن تاکو بە گرانتر غاز بە هاوڵاتیان نەفرۆشن.

ئەوەشی خستەڕوو: هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کێشەی کەمی غاز لە دوو هەفتەی داهاتوودا چارەسەر دەبێت، هەرکات پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی کێڵگەی کۆرۆمۆر کۆتاییهات دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.


PM:01:02:16/10/2021