تەندروستی ڕاپەڕین: حكومەت و وەزارەتی تەندروستیش وەڵامی داواكارییەكانمان ناداتەوە

بەڕێوەبەری تەندروستی ئیدارەی راپەڕین رایدەگەیەنێت" هەرگیز دۆخی هاوڵاتییانی سنووری ئیدارەی راپەڕین لەمە خراپتر نابێت، حکومەت و وەزارەتی تەندروستیش وەڵاممان نادەنەوە". 

دیار ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئیدارەی ڕاپەڕین بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین یەکەمجارە ئێمە بگەینە حاڵەتێک کە (بێدی ئۆکسجین) لە نەخۆشخانەکان بۆ وەرگرتنی نەخۆش نەمێنێت، ڕێژەی تووشبوون لەچاو ماوەکانی ڕابردوو دوو هێندە زیاترە". 

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد: لە ئێستادا ئەو توشبووانەی کۆرۆنا کە دێنە نەخۆشخانەکانمان هەموویان پێویستییان بە ئۆکسجین هەیە خۆشمان کێشەی کەمی ئۆکسجینمان هەیە.

د.دیار ئیبراهیم ئەوەشی خستەڕوو: پێشتر دەرمانمان بۆ چوار مانگ کڕیبوو بەڵام لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو هەموویمان سەرفکردووە و لە ئێستادا چەندین دەرمانی پێویستیمان نەماوە و لێمان بڕاوە.

ئاشکراشیکرد: لەماوەی نۆ ڕۆژدا پێنج هەزار بوتڵ ئۆکسجینمان سەرفکردووە، بەتەنها لە دوێنێشدا هەزار بوتڵمان سەرفکردووە.

ڕاشیگەیاند" لەسەر پێداویستی ئۆکسجین و دەرمان بۆ سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین چەندین جار پەیوەندیمان کردووە بە وەزارەتی تەندروستی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەڵام بەداخەوە وەڵاممان نادەنەوە".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین ئەوەشی وت" دۆخی هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین هەرگیز لەمە خراپتر نابێت کە هەیە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ٢٥ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، لە یەک ڕۆژدا هەشت کەس بە کۆرۆنا مردوون، ئەم ئامارانە بۆ من وەک یەکەم بەرپرسی تەندروستی ئیدارەی ڕاپەڕین بەداخەوە ئاماری دڵخۆشکەر نین". 


AM:09:31:20/10/2021